رووداو -هەولێر
ئەو سێ لیژنەیەی لەلایەن هێزەكانی متمانە سەندنەوە لە مالیكی لە دوایین كۆبوونەوەی هەولێردا پێكهات، دەستیان بە كارەكانیان كرد و بڕیارە ئامادەكاری بكەن بۆ بانگكردنی نوری مالیكی سەرۆك وەزیران بۆ بەردەم پەرلەمان، پاش ئەوەی وەرگرتنەوەی متمانە لەڕێگەی ئیمزاكۆكردنەوەو ناردنی بۆ سەرۆك كۆمارەوە شكستی هێنا.
ئەو لیژنانە كە لە كۆبوونەوەی 10/6/2012دا پێكهاتن، بریتین لە: لیژنەی وەزاری كە هەریەك لە د.رۆژ نوری شاوەیس وەك نوێنەری هاوپەیمانی كوردستان و محەممەد عەللاوی، نوێنەری عێراقییە و محەممەد دەڕاجی، نوێنەری رەوتی سەدر تێیدا ئەندامن.
لیژنەی پەرلەمانی كە ئەندامەكانی بریتین لە سەرۆكی فراكسیۆنی هەرسێ لایەن لەنێو پەرلەمانی عێراق.
لێژنەی یاسایی كە لەشەش ئەندام پێكدێ و هەریەك لەو سێ لایەنانە دوو كەسیان تێیدا ئەندامن.
ئەحمەد مەساری، ئەندامی فراكسیۆنی عێراقییە لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند كە كاری ئەو لێژنانە، ئامادەكردنی دۆسیەكانە بۆ دانیشتنی بانگكردن و لێپرسینەوە لە سەرۆك وەزیران. گوتیشی "ئێستا تەنیا دۆسیەی ئەمنی بەسە بۆ وەرگرتنەوەی متمانە لە مالیكی، چونكە دیارە دۆخی ئەمنی لە عێراق بە چ شێوەیەكەو تەنیا سەرۆك وەزیرانیش لێی بەرپرسیارە بەو سیفەتەی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانە".
هەر لەوبارەوە ئەمیر كنانی، یەكێك لە سەركردەكانی رەوتی سەدر بە (رووداو)ی راگەیاند "هەرسێ لێژنەكە لە ئەمڕۆوە (یەكشەممە) دەستیان بە كاری خۆیان كردووە بۆ كۆكردنەوەی بەڵگەی یاسایی و پێویست، تاوەكو لەكاتی بانگكردنی مالیكی بۆ بەردەم پەرلەمان بیخەنەڕوو".
مەسەلەی بانگكردنی مالیكی بۆ بەردەم پەرلەمان، دوای ئەوەهات كە تاڵەبانی ئامادەنەبوو، داوای وەرگرتنەوەی متمانە لە مالیكی رەوانەی پەرلەمان بكات و رایگەیاند كە ژمارەی ئیمزاكان تەواو نییە بەهۆی پەشیمانبوونەوەی هەندێ لە پەرلەمانتاران و باوەڕنەبوونی بە كێشانەوەی متمانە لە مالیكی لەبەر چوار هۆكار كە بریتین لە : یەكەم، لەبەرئەوەی سەرۆكایەتی وەزیران بەشی زۆرینەی شیعەیە ، بۆیەش ناكرێ بازی بەسەردا بدرێت بە كێشانەوەی متمانە ، بەڵكو بە كۆششكردن بە قەناعەت پێ هێنانیان بە گۆڕینی نوێنەریان بۆ سەرۆكایەتی وەزیران. دووەم: " من دژی زۆینەی شیعە و داواكان و مافەكانیان نیم و ناشبم، لەگەڵ رێزم بۆ تەیاری سەدری، بەڵام ئەوان تەنیا نوێنەرایەتی چارەكێكی نوێنەرانی شیعە دەكەن لە پەرلەمان". سێیەم: " هاوپەیمانی نیشتمانی پێیڕاگەیاندووم كە ئەوان بە تەواوی ئامادەن هەموو رێككەوتنەكان جێبەجێبكەن، بە رەچاوكردن و رێزگرتنی رێككەوتنی یەكەم و دووەمی هەولێر". چوارەم: " سەرۆك بە بێلایەنی دەمێنێتەوەو سەرپەرشتی كۆدەنگی نیشتمانی و كۆكردنەوە و یەكڕیزی دەكات، ئەگەر بارودۆخیش وام لێبكات دژی ئەو قەناعەتە پرەنسیپییانەی خۆم بجوڵێمەوە، ئەوكات دەست كێشانەوەم لە سەرۆك كۆماریی پێشكەشدەكەم و دەگەڕێمەوە سەر كاری خۆم وەك سكرتێری گشتی حیزبەكەم بۆ ئەوەی بە ئازادی تەواوی خۆمەوە بجوڵێمەوە".
بەگوێرەی زانیارییەكان، هەریەك لە رەوتی سەدر و ئیئتیلافی عێراقییە بە مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیان راگەیاندبوو كە ئەگەر یەكێتی نیشتمانی هەڵوێستی خۆی لە مەسەلەی وەرگرتنەوەی متمانە یەكلایی نەكاتەوە ئەوا رازی نابن بەشداری ئەو لێژنانە ببن.
بەڵام هەفتەی رابردوو مەكتەبی سیاسی یەكێتی پاش كۆبوونەوەیان بڕیاریاندا وەك حیزب هاوهەڵوێستی پارتی هاوپەیمانیان بن سەبارەت بە متمانە سەندنەوە لە مالیكی .
ئەمیر كنانی، كە بە نوێنەرایەتی موقتەدا سەدر، بەشداری دوایین كۆبوونەوەی هەولێری كرد لەڕۆژی 10/6/2012دا ، لەبارەی دوایین هەڵوێستی یەكێتی گوتی "یەكێتی بەئێمەیان گوت ئەگەر وەرگرتنەوەی متمانە لە مالیكی لە رێگەی بانگكردنی بێت بۆ پەرلەمان، لەگەڵ ئەم هەنگاوەن و لەگەڵ هەڵوێستی كوردی دەبن، بەدیدی ئێمەش ئێستا لایەنە كوردییەكان هەموویان لەگەڵ وەرگرتنەوەی متمانەن لە مالیكی".
خالید شوانی، سەرۆكی لێژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق كە لەهەمانكاتدا ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانیشە، بە (رووداو)ی راگەیاند"هەڵوێستی ئێمە وەك یەكێتی روونەو ئێمە لەگەڵ ریزی كوردین".
شوانی كە یەكێكە لە ئەندامانی ئەو لێژنە یاساییەی بۆ خۆئامادەكردن بۆ بانگكردنی مالیكی بۆ بەردەم پەرلەمانی عێراق پێكهاتووە، گوتیشی "وەك یەكێتی یەك بڕیارمان هەیە، ئەویش ئەوەیە لەگەڵ هەموو هێزە كوردییەكان دەبین".
ئەم هەڵوێستە پاش ئەوەدێت كە مەسەلەی وەرگرتنەوەی متمانە لە مالیكی ناكۆكی خستە نێوان دوو لایەنە سەرەكییەكەی هەرێمی كوردستان.
"یەكڕیزی كورد بۆ هیچ كەس و لایەنێك تێكنادەین"
لەبارەی ئەو جیاوازیەی لە هەڵوێستی تاڵەبانی و بارزانی كە پێشبینیدەكرا كاریگەری خراپ بخاتە سەر پەیوەندیەكانی یەكێتی و پارتی، فوئاد حوسێن، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، گوتی "ئێمە وەك كورد ئاگری كەس ناهێنینە نێو ماڵی كوردی و یەكڕیزی كوردیش بۆ هیچ كەس و لایەنێك تێكنادەین".
فوئاد حوسێن گوتیشی "ئەگەر لەنێو هێزە سیاسییەكانی كوردستانیش كێشە هەبێ ئەوا هەر لەنێو خۆمان چارەسەری دەكەین".
ئیئتیلافی عێراقییە بە سەرۆكایەتی ئەیاد عەللاوی دەڵێ، ئێمە دەزانین چیتر تاڵەبانی داوای سەندنەوەی متمانە لە مالیكی رەوانەی پەرلەمان ناكات.
گوتەبێژی عێراقییە سەبارەت بە نامەكەی تاڵەبانی بۆ بارزانی و عەللاوی و سەدر كە تیێدا هەڕەشەی دەست لەكاركێشانەوە دەكات ئەگەر بە گوشار قەناعەتی ئەو لەبارەی وەرگرتنی متمانە لە مالیكی بگۆڕن، دەڵێ "ئەوەی گرنگە بۆ ئێمە هەڵوێستی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانە كە ئەوانیش ئێستا لەگەڵ وەرگرتنەوەی متمانەن لە مالیكی".
حەیدەر موللا، بە (رووداو)ی راگەیاند "ئێمە گەیشتینە ئەو قەناعەتە كە چیتر سەرۆك كۆمار داوای سەندنەوەی متمانە لە مالیكی رەوانەی پەرلەمان ناكات". گوتیشی "لەبەر ئەو هەڵوێستەی تاڵەبانی ئێمە رێگەی دیكە دەگرینە بەر و پەنا بۆ پەرلەمان دەبەین بۆ ئەوەی متمانە لە مالیكی بسەندرێتەوە، ئەویش لە رێگەی بانگكردنی مالیكی بۆ بەردەم پەرلەمان".
پێشنیازەكەی تاڵەبانی لە مەحزەری كۆبوونەوەی هەولێر نووسراوە
هەرچەندە ئەیاد عەللاوی، سەرۆكی ئیئتیلافی عێراقیە پێشتر رایگەیاندبوو كە بیرۆكەی سەندنەوەی متمانە لە مالیكی لەلایەن تاڵەبانییەوە پێشكەشكرا، بەڵام نووسینگەی سەرۆك كۆماری عێراق لە وەڵامی عەللاویدا گوتی "عەللاوی باش دەزانێ كێ ئەو بیرۆكەیەی پێشكەشكرد".
حەیدەر موللا، گوتەبێژی عێراقییە پێداگیری لەسەر ئەوە دەكات كە ئەوە پێشنیازی تاڵەبانی بووەو گوتی "مەسەلەی وەرگرتنەوەی متمانە لە مالیكی پێشنیازی تاڵەبانی بووەو لە مەحزەری كۆبوونەوەی هەولێر نووسراوە كە لە 28/4/2012 بەڕێوەچوو". گوتیشی "ئەوەی گومانی هەبێ لە قسەكانی عەللاوی دەتوانێ تەماشای مەحزەری كۆبوونەوەكەی هەولێر بكات تاوەكو دڵنیابێ كە بیرۆكەی وەرگرتنەوەی متمانە لە مالیكی پێشنیازی ئەوبوو یان نا".
+ نوشته شده توسط محێدین وه یسی در
Thu 28 Jun 2012 و ساعت
6:40 PM |